چۆن پرۆژەی دەستور هەمووار دەكرێتەوە؟
5 / 1 / 2015
|
 |
چۆن پرۆژەی دەستور هەمووار دەكرێتەوە؟
|
پارێزەر: چۆمان محمد عەلی
ناو بەناو پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان لەلایەن پارتە سیاسییەكانو دەزگاكانی راگەیاندنی حیزبەكانیانو هەندێكجار میدیای ئازادیشەوە بۆ مەرامی سیاسی دەوروژێنرێت! ئەمەش بەو هۆكارەی تا ئەم ساتە ئیرادەو ویستێكی جدی نییە بۆ بردنەپێشەوەی هەنگاوە یاساییەكانی ئەو پرۆژە دەستورە تا بخرێتە راپرسییەوەو بەمەش ببینە خاوەنی دەستورێكی مۆدێرنو هاوچەرخ لەم هەرێمەدا، كە دیارە ئەمەش كۆمەڵێك هۆكاری تایبەتی خۆی هەیە. بۆچوونێكی یاسایی هەڵە: لە هەرێمی كوردستاندا بۆچونێكی یاسایی هەڵە هەیە سەبارەت بە پرۆژە دەستوری هەرێمی كوردستان بە تایبەت لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، كەپێیوایە پرۆژە دەستورەكە سەرجەم رێكارەكانی خۆی بڕیوە تەنها راپرسی ماوە، بۆیە ناكرێت جارێكی تر دەستكاری ناوەڕۆكی پرۆژەكە بكرێتەوە بەڵكو پێویستە وادەیەك دیاریبكرێت بۆ راپرسی بەڵام ئەم بۆچونە هیچ بنەمایەكی یاساییو لۆژیكی نییە پاڵپشت بەم هۆكارانە: 1- پرۆژەی دەستوری هەرێم، بە یاسای ژمارە (16)ی ساڵی (2008) پەسەندكراو بڕیاردرا لیژنەیەكی بۆ پێكبهێنرێت تاوەكو رەشنوسەكە ئامادە بكرێت بۆ ئەوەی لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندبكرێتو دواتر لە ماوەیەكی دیاریكراودا بخرێتە راپرسییەوە. ئەو پرۆژەیە بە بڕیاری ژمارە (8)ی ساڵی (2009) لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەند كرا، پاشان یاسای ژمارە (16)ی ساڵی (2008) دووجار لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە هەمواركرایەوە، بەو واتایەی خودی پرۆژەكە بە یاسایەك پەسەندكراوە كە یاسایەكی ئاسایی (تشریع عادی)یەو هیچ رێگرییەكی یاسایی نییەو لە تایبەتمەندیی دەسەڵاتەكانی پەرلەمانە، كە هەموارێكی تری یاسای ژمارە (16)ی ساڵی (2008) بكاتەوە، ئەویش پاڵپشت بە هەریەك لەیاسای ژمارە (1)ی ساڵی (1992)و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان. 2- پەرلەمانی كوردستان لە خولی سێیەمداو لە رۆژی 30 حوزەیراندا، یاسای ژمارە (19)ی ساڵی (2013)ی دەركرد، كە بە یاسای درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم كوردستان ناسراوە. ماددەی دووەمی ئەم یاسایە جەختی لەوە كردۆتەوە كە پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان بە سازان هەمواردەكرێتەوە تا بەرواری 19-8-2015. بەپێی ئەم ماددەیە، هەمواركردنەوەی ناوەڕۆكی پرۆژەی دەستور لەڕووی یاساییەوە رێگەپێدراوەو بۆتە پاڵپشتو بەڵگەیەكی یاسایی بەهێز كە پەرلەمانی كوردستان تا ئەو وادەیەی بۆی دیاریكراوە دەتوانێت پرۆژەی دەستور هەموار بكاتەوە. 3- پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ژمارە (2)ی ساڵی (2011)ی لە دانیشتنە نائاساییەكانی رۆژانی 17ی شوباتدا پەسەندكرد، كە یەكێك لە بڕیارەكانی گەڕاندنەوەی رەشنوسی دەستورە بۆ پەرلەمان. لێرەدا دەپرسین پەرلەمان چۆن كارێكی نایاسایی دەكاتو بڕیارێكی لەو جۆرە دەردەكات ئەگەر بنەمایەكی یاسایی نەبێت؟! 4- دەستوری هەمیشەیی عێراق ساڵی 2005 بەرلەوەی بخرێتە راپرسییەوە چەندینجار هەمواركرایەوەو هیچ كێشەیەكی یاسایی تێدا نەبوو، لەو كاتەشدا ئەو لایەنانەی كە لە ئێستادا بانگەشەی ئەوەدەكەن كە گەڕاندنەوەی پرۆژە دەستوری هەرێم بۆ پەرلەمان نایاساییە، لەوكاتەدا نقەیان لێوە نەهات. ماوەی یاسایی بۆ هەمواركردنەوەی پرۆژەی دەستوری هەرێم یاسای ژمارە (19)ی ساڵی (2013)، ماوەیەكی یاسایی داناوە كە پێویستە لایەنە سیاسییەكانی پەرلەمانی كوردستان تاوەكو بەرواری 19/8/2015 پرۆژەی دەستور بە سازان هەموار بكەنەوە. وا نزیكدەبینەوە لەو وادەیەو لەم ساتەوەختەدا پەرلەمان ماوەی 10 مانگی لەبەردەستدایە بۆ هەمواركردنەوەی ناوەڕۆكی پرۆژەی دەستورەكەو دیاریكردنی وادەیەك بۆ ئەنجامدانی راپرسی لەسەری بە هەماهەنگی حكومەتی هەرێمو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان . رێكارەكانی هەمواركردنەوە: لە ئێستادا دوو پرۆژە یاسا ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان كراوە: یەكێكیان لەلایەن فراكسیۆنی یەكێتی بەناوی (پرۆژە یاسای پێداچونەوە بە پرۆژەی دەستوری هەرێم كوردستان)، ئەویتریان لەلایەن فراكسیۆنی گۆڕان بە ناوی ( پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەو پێداچوونەوەو پەسەندكردنی پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان )، كەهەریەك لەم دوو پرۆژەیاسایە، میكانیزمیان بۆ پێكهێنانی لیژنەو هەمواركردنەوەی پرۆژەكەو پەسەندكردنی پرۆژەكە دیاریكردووە لەگەڵ دیاریكردنی ماوەیەك بۆئەوەی بخرێتە راپرسییەوە. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە هەریەكە لەم دوو پرۆژەیەی كە پێشكەشی پەرلەمان كراوە، هەڵەیەكی یاساییان تێدایە، ئەویش ئەوەیە كە هەریەكەیان بە پرۆژەیەكی سەربەخۆ پێشكەشكراوە بەبێئەوەی ئاماژەی بە یاسای پەسەندكردنی دەستوری هەرێمی كوردستان یاسای هەمواركراوی ژمارە (16)ی ساڵی (2008) دابێتو خۆیان لەم یاسایە بێئاگا كردووە، لەكاتێكدا خودی پرۆژەی دەستور بەم یاسایە لە دایكبووەو لیژنەی بۆ پێكهاتووەو پەسەندكراوەو وادەی راپرسی بۆ دیاریكردووە. هەربۆیە پێویستە ئەو پرۆژە یاسایەی لەمبارەیەوە پێشكەشدەكرێت، یان ئەوەتا هەمواركردنەوەی سێیەم بێت بۆ یاسای ژمارە (16)ی ساڵی (2008)، یاخود پرۆژەیەكی نوێ ئامادەبكرێت، كە لە بنەما گشتییەكانیدا ئاماژە بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای ناوبراو بدات. لەهەموو بارێكدا پێویستە لەكاتی دووبارە داڕشتنەوەی پرۆژە دەستورەكەدا، كۆمەڵێك لە كەسانی پسپۆڕو شارەزای بوارەكانی یاسای دەستوریی، دادوەریی، داراییو ئابوریو سەرچاوە سروشتییەكان، چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەشداری تێدا بكەن، كە رێككەوتنامە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤو بنەماكانی دیموكراسی بە بنەما وەربگرن، لەوەش گرنگترو پێویستتر ئەوەیە كە بوار بۆ نوخبەكانو هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بڕەخسێنرێت هەتا راو سەرنجی خۆیان، بەر لە پەسەندكردنی، لەسەر پرۆژەی دەستورەكە بخەنەڕوو. پرۆژەی دەستور لە نێوان گەڕانەوەو هەمواركردنەوەیدا: كێشەیەكی یاسایی هەیە لەسەر ناونیشانی ئەو دوو پرۆژە یاسایەی پێشكەش بە پەرلەمان كراوە، ئەویش بریتیە لەوەی هەندێك لایەن پێیانوایە كە پرۆژەی دەستور گەڕاوەتەوە پەرلەمانو تەنها هەموارو پێداچونەوەی پێویستە، لەكاتێكدا هەندێكی تریان بۆچونیان وایە كە نەخێر پرۆژەی دەستور نەگەڕاوەتەوە پەرلەمان. لە راستیدا پرۆژەی دەستور، بەپێی هەریەك لە بڕیاری ژمارە (2)ی ساڵی (2011) و یاسای ژمارە (19)ی ساڵی (2013)، بڕیاری هەمواركردنەوەی لەسەردراوە، بەڵام ئەمە مانای گەڕاندنەوە ناگەیەنێت بۆ پەرلەمان، بەڵكو ئەم بڕیارو یاسایە بۆ پێداچونەوەیە بە پرۆژە دەستورەكەدا بەبێئەوەی میكانیزمی گەڕاندنەوە دیاریبكات. لەبەرئەوە پێویستە لە دۆخێكی وەهادا، پرۆژە یاسایەكی نوێ پێشكەش بكرێت كە تەنها ناونیشانی پێداچونەوە یاخود گەڕاندنەوەی لەسەر نەبێت بەڵكو پێویستە ناونیشانەكەی "گەڕاندنەوەو پێداچونەوەو پەسەندكردنی" پرۆژە دەستورەكە بێت، چونكە كردارو رێكارەكانی پرۆژە یاساكە تەواوكەری یەكترینو ناكرێت هیچ هەنگاوێك لەو هەنگاوانە فەرامۆشبكرێت. دواجار هیوادارین ناونیشانی ئەو پرۆژانەی كە پێشكەشی پەرلەمان كراون، نەبنە مایەی گرفتو ئاڵۆزكاندنی زیاتری پرسەكە، بەڵكو ئەندامانی پەرلەمانو لایەنە سیاسییەكان لە بیری گرنگی بابەتەكەدا بنو خاڵی سەرەكیو گرنگ بەلایانەوە، هەمواركردنەوەی پرۆژە دەستورەكە بێت، بەشێوەیەك كە تەباو گونجاو بێت لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤو بنەماكانی دیموكراسی.
.
|