پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن
پڕۆژه‌ و چالاکی بڵاوکراوه‌کان وێنه‌ و ڤیدیۆ دارایی به‌خشه‌ره‌کان لینک
هەڵبژاردن
تەحەدداكانی بەردەم خولی چوارەمی پەرلەمان
27 / 1 / 2015

تەحەدداكانی بەردەم خولی چوارەمی پەرلەمان

چۆمان محمد علی
پارێزەرو چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی
خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بەجۆرێك لەدایكبوو، كە نەتوانرا هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز، لەكاتێكدا لە
 خولی سێیەمی پەرلەماندا ئۆپۆزسیۆن بوونی هەبوو. لێرەدا من نامەوێت تیشك بخەمە سەر ئەو خاڵە ئیجابی‌و گۆڕانكارییە دڵخۆشكەرانەی كە بۆ خولی چوارەمی  پەرلەمانی كوردستان دەستكەوت بوو, بەڵام لەم قۆناغەی ئێستادا كە هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی هەستیارو مەترسیدا تێپەڕدەبێت بەوەی كە شەڕوجەنگ یەخەی گرتووەو نە ناردنی  بودجەی هەرێم لە لایەن بەغداوە لەگەڵا نەدانی مووچە بە فەرمانبەران‌و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا‌و نەبوونی سەروەریی یاسا‌و بوونی گەندەڵییەكی بێ ئەندازە...هتد، پێویستە پەرلەمانی كوردستان بەوەی كە مەرجەعی یەكلاكردنەوەی پرسە چارەنوسسازەكانە سەرەڕای ئەركی یاسادانانی  خۆی چەند ئەركێكی هەنوكەیی لە ئەستۆدایە، پێویستە ئەنجامی بدات كەمتەرخەمی نواندن یاخود غافڵبوون لێی زیان بە پرۆسەی سیاسی دەگەیەنێت لەپاڵ ئەوەی بەرپرسیاریی مێژووسی دەكەوێتە ئەستۆی پەرلەمان‌و ئەو هیوایەی كە هەیە بۆ زیاتر جێگیركردنی سێیەمی پەرلەمان بۆ پەرلەمانی كوردستان وردە وردە خامۆش دەبێت‌و كەمدەبێتەوە. لە گرنگترین ئەو كارانەی پێویستە پەرلەمان ئەنجامیان بدات بریتین لە:
1- لەم قۆناغەی ئێستای پەرلەماندا گرنگترین كار كە دەبوایە زۆر لە مێژبوو ئەنجامی بدات بابەتی چاودێریكردنە لەسەر حكومەتی هەرێم ئەویش بە پرسیار ئاڕاستەكردن‌و لێپرسینەوەی لەگەڵ سەرۆكی حكومەت‌و وەزیرەكان هەتا بگاتە بابەتی وەرگرتنەوەی متمانە, ئەویش بەهۆكاری ئەوەی ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێم كابینەیەكی نیشتمانی بنكە فراوانەو سروشتی ئەم جۆرە حكومەتانە بە شێوازێكە كە هەمیشە بەرپرسیارێتی‌و لایەنی كەمتەرخەم  ون‌و بزر دەبێت بەهۆی ئەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان تێیدا بەشدارن، بۆیە پێویست بوو لەسەر پەرلەمانی كوردستان گرنگییەكی بێ ئەندازە بە بابەتی چاودێری بدایە, بە تایبەت لە كاتێكدا كە دەبینین رۆژانە چەندین مەلەفی گەندەڵی ئاشكرا دەبێت‌و چەندین پێشێلكاری یاسایی سەیروسەمەرە رودەدەن‌و هاوڵاتیان بەهۆی نەبوونی مافە سەرەتایی‌و خزمەتگوزارییە ساناكانی ژیانەوە لە نمونەی ئاوو كارەبا‌و نەوت‌و گرانی نرخی بەنزین دەناڵێنن، بەڵام مەخابن پەرلەمان بەو ئەركە  بنەڕەتی‌و بنچینەییەی خۆی هەڵناستێت. پاشان بابەتی چاودێریكردنی حكومەت لەلایەن پەرلەمانەوە تەواوكەری ئەو دروشمەیە كە ساڵی 2015 ساڵی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی‌و سەروەری یاسایە. بابەتی چاودێری پەرلەمان لەسەر كاروباری حكومەت تەنها لەسەر شانی خودی پەرلەمان‌و ئەندامە بەڕێزەكان راناوەستن بەڵكو پێویستە پەرلەمان دەورو رۆڵ‌و كاریگەری ئەو دامەزراوانە ئەكتیفی تر بكات كە سروشتێكی چاودێریان هەیە‌و  سەربە پرلما نن لەوانە دیوانی چاودێری دارایی‌و دەستەی دەست پاكی‌و دەستەی مافی مرۆڤ. 
  2- لەم قۆناغەدا ئەركێكی تر كە لە ئەستۆی پەرلەمانی كوردستانە بریتیە لەوەی زۆر بە جدی چاودێری بە دامەزراوەیكردنی وەزارەتی پێشمەرگەو یەكخستنەوەی هێزەكان‌و وەدەرنانی دەستی حیزب بكات لەم وەزارەتەو لەم پێناوەشدا رێكاری یاسایی توند دەرهەق بەو كەسانە ئەنجامبدرێت كە دەبنە لەمپەر لەبەردەم هەنگاوێكی ستراتیژی لەمجۆرە كە رەهەندێكی نیشتمانی هەیەو پەیویست نیە بە هیچ لایەنێكی سیاسی‌و نابێت هیچ حیزبێكی سیاسی لەم هەرێمەدا خۆی بە خاوەنی هێزی پێشمەرگە بزانێت‌و بزوێنەری ئەو هەولو كۆششانە بێت بۆ چاكسازی ریشەیی لە پرسی هێزی پێشمەرگەدا.
 3- هەرێمی كوردستان تا ئەم ساتەوەختە خاوەنی دەستورێكی نوسراوی تایبەت بەخۆی نییە, هەرچەندە خاوەنی پڕۆژەیەكە بەناوەی پڕۆژەی دەستور, بەڵام بەهۆی كێشمەكێشی لایەنە سیاسییەكان دەستور بۆتە بابەتێكی فەرامۆشكراو و ئەم بابەتەش پەیوەستە بە پرسی پۆستی سەرۆكی هەرێمەوە، ئەمەش بە هۆكاری ئەوەی لە یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2013 كە بەیاسای درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم ناسراوە, ماددەیەك هاتووە كە ئەم دەستورە بە سازان هەموار دەكرێتەوەو ویلایەتی سەرۆكی هەرێم تاوەكو 19/8/2015 درێژدەكرێتەوەو شیاوی نوێكردنەوە نییە. بۆیە پەرلەمانی كوردستان لەبەردەم تەحەدایەكی گەورەدایە؛ یان ئەوەتا تا پێش رۆژی 19/8/2015 هەنگاوی جدی دەنێت‌و پڕۆژەی دەستور دوای هەمواركردنەوەی دەخاتە راپرسییەوە, یان ئەوەیە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم بێ ئەوەی بەڕێز سەرۆك مەسعود بارزانی مافی خۆكاندیدكردنی هەبێت, یاخود گریمانەیەكی زۆر ترسناك چاوەڕێی پەرلەمان دەكات كە ئەویش دووبارەبونەوەی 30 حوزەیرانێكی ترە‌و دوو ساڵی تر بۆ سەرۆكی هەرێم‌و ویلایەتەكەی درێژ بكرێتەوە, كە هیوادارین نە ئەندامانی پەرلەمان‌و نە پەرلەمانی كوردستان دەست نەدەنە بژاردەیەكی لە‌و شێوەیە چونكە بەمەیان تەواو بێمتمانەیی هاوڵاتیان بە پرۆسەی سیاسی‌و دیموكراسی‌و پەرلەمان‌و لایەنە سیاسییەكان دروستدەبێت‌و قۆناغی پاشەكشێی سیاسی‌و چەقبەستوی دەستپێدەكات.
4- تیشكخستنە سەر بابەتی  نەوت‌و زیاتر بایەخدان بەم كەرتە, چ لە رێگەی دەرچواندنی ئەو یاسایانەوە بێت كە تایبەتن بە سندوقی داهاتە نەوتییەكان یاخود لە رێگەی چاودێریكردنی ئەو گرێبەستانەوە بێت كە حكومەتی هەرێم ئەنجامیداون‌و زانینی بڕی ئەو پارانەی كە لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە بەدەستهاتوون, چونكە ئاشكرایە لای هەمووان بابەتی نەوت بابەتێكی تەواو چارەنوسسازە بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئەمەش بە هۆكاری ئەوەی كەبە سەرچاوەیەكی دارایی گرنگ دادەنرێت‌و ئامرازێكی پێویستە بۆ هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی‌و دروستكردنی دەوڵەتی كوردی, چونكە شتێكی حاشاهەڵنەگرە كە نەوت پرسێكی زۆر ئاشكراو رون نییە بۆ پەرلەمانی كوردستان‌و خەڵكی كوردستان لەبەرئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وەزارەتێكی دامەزراوەی سیستەماتیك نییە.
بۆیە هەمووان هیواخوازین پەرلەمان رۆلێكی گرنگ بگێڕێت لە دامەزراوەیكردنی حكومەتی هەرێم‌و كەمكردنەوەی پێشێلكاری یاسایی‌و هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی دەستورێكی مۆدێرن كە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بە سازان لەسەر ناوەڕۆكەكەی رێكبكەون.

.


کۆمێنته‌کان
په‌یام ناو:
 
ئیمه‌یل:
 
په‌یام:

 
بواری کار
هه‌ڵبژاردن
هەڵبژاردنی نیوەڕێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا 2018:
3 / 11 / 2018
چیمان لەهەڵبژاردن دەوێت؟! :
3 / 11 / 2018
هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا: دەرفەتێك بۆ دیموكراسی‌و گەشاندنەوەی ناسنامەی نەتەوەیەك:
3 / 11 / 2018
مافی مرۆڤ
جیهان لەبەردەم شەپۆلی تاوانی بازرگانیكردن بە مرۆڤ.
30 / 10 / 2019
یاساو پرۆژە یاساکان
چۆن پرۆژەی دەستور هەمووار دەكرێتەوە؟
5 / 1 / 2015
به‌شداری سیاسی
درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان كودەتایە یاخود پێداویستی قۆناغەكەیە؟
1 / 11 / 2017
ریفراندۆم لەنێوان مەرسومەكەی بارزانی‌و پەرلەمانی كوردستاندا
21 / 6 / 2017
دوحیزبی تر بۆ هەریمی کوردوستان پێویستە
31 / 3 / 2016
Kurdish Institute for Elections KIE
Iraq- Sulaimany, Bakhtiaree Q.,
Hakaree street No113, House No 44Executive director: Aram Jamal Sabir
info@kie-ngo.org , aram.jamal@kie-ngo.org
+964 0770 1573210
+964 53 3187111
Kurdish Institute for Elections copyright 2012 All Rights Reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure Information Technology & Consultancy