پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن
پڕۆژه‌ و چالاکی بڵاوکراوه‌کان وێنه‌ و ڤیدیۆ دارایی به‌خشه‌ره‌کان لینک
به‌شداری سیاسی
ریفراندۆم لەنێوان مەرسومەكەی بارزانی‌و پەرلەمانی كوردستاندا
21 / 6 / 2017

ریفراندۆم لەنێوان مەرسومەكەی بارزانی‌و پەرلەمانی كوردستاندا

چۆمان محمد علی

كۆبونەوەی پیرمام كە رۆژی 7/6/2017 لەسەر خواستی پارتی ئەنجامدرا، بڕیاردرا بەرواری 25/9/2017 ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، دواتر مەسعود بارزانی فەرمانێكی هەرێمی بەژمارە 106 لەبەرواری 8/6/2017 دەركرد, تێیدا داوای كرد كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان ئامادەكاری بكەن لەو بەروارەدا بۆ ریفراندۆم، بە 13 بڕگە  وردەكاری چۆنێتی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەو كاتی دەستپێك‌و كۆتایی‌و چەندین بابەتی رێكخستن‌و لوجستی لەخۆگرتووە. 
لێرەدا پرسیاری گرنگ‌و جەوهەری سەرهەڵدەدات, ئایا ئەم فەرمانە هەرێمیە تاچەند لەگەڵ یاسا كارپێكراوەكان یەكدەگرێتەوە، ئایا مەسعود بارزانی دەسەڵاتێكی لەم جۆرەی هەیە؟  تا چەند ئەم فەرمانە هێزی پابەندكاری هەیە بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم؟
هەموومان دەزانین‌و راستیەكی حاشا هەڵنەگرە لەبەرواری (20/8/2015)ەوە، پۆستی سەرۆكی هەرێم گرفتی یاسایی تێدایە، دەبوو پێش ئەو بەروارە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات روی بدایە تاوەكو هەرێم روبەڕوی بۆشایی یاسایی نەبێتەوە, بەڵام بەداخەوە لەو بەروارەدا گەورەترین پێشێلكاری یاسایی روویدا، دوور لەهەموو بنەما یاساییەكان‌و رێزگرتن لەئیرادەی دەنگدەران، مەسعود بارزانی دەستبەرداری پۆستەكەی نەبوو، تائێستاش بە نایاسایی مومارەسەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دەكات, هەرچەندە هەوڵیاندا لەرێگەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە پینەوپەڕۆ بۆ مانەوەی بكەن بەڵام سودی نەبوو، تا كار گەیشتە ئەوەی وەك سەرۆكی ئەمری واقع بیناسێنن، لەساتی تەواو بوونی ویلایەتەكەی بەدواوە بەنایاسایی‌و بە پاساوی جۆربەجۆر بۆ مەبەستی رەواو ناڕەوا لەچەندین بۆنەدا، بەڕێز مەسعود بارزانی چەندین فەرمانی هەرێمی بەناوی سەرۆكی هەرێمەوە واژۆ كردووە، كە دواترینیان فەرمانی ژمارە 106 بوو تایبەت بە ئەنجامدانی ریفراندۆم.
لێرەدا ئەم فەرمانە روبەڕوی كێشەی یاسایی گەورە بۆتەوە چونكە لەجێگەیەكەوە دەرچووە، كە شەرعیەتی یاسایی نەماوەو دەسەڵاتی دەركردنی فەرمانی هەرێمی نییە بەپێی ئەو یاسایانەی كە خۆیان دەریانكردوەو خودی بارزانی خۆی واژۆی لەسەر كردووە. تەنانەت ئەگەر بارزانی شەرعیەتی یاسایشی هەبوایە بۆ مانەوە لەسەر كورسی سەرۆكایەتی هەرێم، گریمان لەقۆناغی پێش تەواوبونی ویلایەتەكەیدا بووایە، دیسانەوە دەسەڵاتی دەركردنی فەرمانێكی هەرێمی لەم جۆرەی بۆ رێكخستنی بابەتی ریفراندۆم نەدەبوو، چونكە لەیاسای سەرۆكایەتی هەرێم ژمارە 1 ساڵی 2005ی هەمواركراودا, دەبینین زۆرترین‌و گەورەترین‌و هەستیارترین دەسەڵاتی جۆربەجۆر دراوە بە سەرۆكی هەرێم, بەبێ‌ ئەوەی دەسەڵاتی دەركردنی مەرسومی تایبەت بە ریفراندۆمی هەبێت، لەكاتێكدا دەسەڵاتی دەركردنی مەرسومی هەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڵام ریفراندۆم نا، بۆیە ئەم هەنگاوەی مسعود بارزانی، بە بێڕێزكردنێكی ئاشكرا دادەنرێت بۆ دەسەڵاتی یاسادانان، بێ‌ بەهاكردنی یاساو رێسا كارپێكراوەكانە، حساب نەكردنە بۆ دەنگی هاوڵاتیان‌و رەتكردنەوەی سیستمی پەرلەمانییە.
لێرەدا ئەم فەرمانە هیچ هێزێكی پابەندكاری نیە بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم، لەم قۆناغە هەستیارو مێژوییەدا، گرنگە كۆمسیۆن بە بەرپرسیارێتی یاسایی‌و ئاكاری خۆی هەستێت. نەكەوێتە ژێر كاریگەری‌و ركێفی بڕیاری نایاسایی‌و حیزبی، چونكە ئەم كۆمسیۆنە لەرووی یاساییەوە پاڵپشت بەیاسای ژمارە 4 ساڵی 2014 بەرپرسیارن بەرامبەر پەرلەمانی كوردستان، دەبێت فەرمان لەپەرلەمانی كوردستان وەربگرن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم پاش دەرچواندنی یاسایەكی تایبەت، چونكە پەرلەمانی كوردستان تاكە شوێنە بۆ دەستبردن بۆ ئەم بابەتانە، سەرباری ئەوەی كۆمسیۆن دەكەوێتە ژێر چاودێری پەرلەمانی كوردستان بۆیە ئەگەر هەر پێشهاتێكی خراپ‌و نەخوازراو روبدات تایبەت بە ریفراندۆم بەرپرسیارێتی گەورە دەكەوێتە ئەستۆی كۆمسیۆن‌و بەو لایەنانەی كە فەرمانیان كردوە بە ریفراندۆم خۆیان لەبەرپرسیارێتی دەدزنەوە مێژوو رەحم بەهیچ كەس ناكات، ئەو پاساوە هەرگیز راست نیە گوایە كۆمسۆن دەستەیەكی جێبەجێكار فەرمان وەردەگرن‌و جێبەجێی دەكەن، چونكە فەرمان وەرگرتن دەبێت لەجێگەیەكەوە بێت كە بەپێی یاسا دەسەڵاتی فەرمانكردنی هەیە.

ریفراندۆم‌و پەرلەمانی كوردستان
ئەو لایەنە سیاسیانەی لەسەر داوای پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداریان لەكۆبونەوەی پیرمامدا كرد‌و وادەیان بۆ ریفراندۆم دیاری كرد، دەكرێت پێمان   بڵێن بە چ یاسایەك لەكۆبونەوەیەكی حیزبیدا بڕیارێكی چارەنوسسازی لەو چەشنە دەدرێت، با بۆ لایەنگرانی حیزبەكانی خۆیان‌و هاوڵاتیانی هەرێم رونبكەنەوە, چۆن‌و بە چ شێوازێك بەبێ‌ پەرلەمانی كوردستان ریفراندۆم دەكەن، ئەرێ‌ پرسیاریان نەكرد لەكۆبونەوەكەدا، چۆن پرسێكی چارەنوسسازی میللەتێك بەو ناڕونیەو بێ بەرنامەی‌و پەلەكردنە ئەنجام دەدرێت، چۆن ئیقراریان لەسەر ئەوە كرد پەرلەمانی كوردستان پەیوەندی بەریفراندۆمەوە نییە‌و پێویست بەكاراكردنەوەی ناكات بۆ ریفراندۆم. بەڵام بۆ سەرجەم ئەو هێزە سیاسیانەی بەشداربوون لەو بڕیارەداو دەبێت بزانن، كە پەرلەمانی كوردستان لەروانگەی یاسا كارپێكراوەكانەوە تاكە شوێنە كە بڕیاری ریفراندۆمی تێدا بدرێت، پرسی ریفراندۆم بەبێ‌ بوونی پەرلەمانی كوردستان روبەڕوی رەخنەو گرفتی یاسایی گەورە دەبێتەوە، ناكرێت بێ‌ پەرلەمانی كوردستان باس لەریفراندۆم بكرێت لەبەر ئەم هۆكارانە:
1. ڕیفراندۆم وەك مافێكی سیاسی هاوڵاتیانی هەرێم هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ هەڵبژاردندا، چونكە هەردووكیان دووڕووی یەك دراون، وەك چۆن هیچ جۆرە هەڵبژاردنێك بەبێ یاسای تایبەتمەند بەڕێوە ناچێت، بەهەمان شێوە ریفراندۆمیش ناكرێت‌و رووی نەداوە لەهیچ وڵاتێكی دنیادا بە وڵاتە دواكەوتووەكانی ئەفریقاشەوە، بەبێ گەڕاندنەوە بۆ پەرلەمان‌و یاسای تایبەتمەند ریفراندۆم ئەنجام درابێت، لەهەرێمی كوردستاندا بەو دۆخە هەستیار‌و راگوزەرەی  دوای راپەرینیش هەڵبژاردنی ساڵی 1992 بەپێی یاسای ژمارە 1 ساڵی 1992 ئەنجامدرا.
2. ریفراندۆم وەك پرۆسەیەكی یاسایی‌و سیاسی‌و مافێكی هاوڵاتیانی هەرێم، هەرگیز ناكرێت وەك رێكارێكی جێبەجێكردن لێی بڕوانرێت‌و پاڵپشت بە رێنمایی‌و لەوائحی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوە ببرێت، بەڵكو پێویستی بە دەرچواندنی یاسایەكی تایبەتمەند هەیە، تاوەكو دیاری بكات بابەتی راپرسی لەسەركراو چییە؟ چۆن راپرسی بەڕێوە دەچێت؟ كێ مافی بەشداریكردنی لەراپرسیدا هەیە؟ چ رێژەیەك بەسەركەوتوو دادەنرێت؟ كێن ئەوانەی ناتوانن راپرسیان پێ بكرێت؟ 
لێرەدا بێبەشكردنی هاوڵاتیان لەماف تەنها بەپێی یاسا دەبێت، چونكە ریفراندۆم مافێكی سیاسییەو ناكرێت هاوڵاتیان بە هیچ هۆكارێكی رێكخستن‌و رێكاری بێبەش بكرێن تەنها بە یاسا نەبێت‌و ئەمەش بنەمایەكی دەستورییە، كە لەزۆربەی دەستوری وڵاتانی دنیادا هەیە بەدەستوری  هەمیشەیی عێراقیشەوە، كە لە مادەی 15 دەستوری هەمیشەیی ساڵی 2005 دا هاتووە "ناكرێت هیچ هاوڵاتیەكی عێراق بێ بەش بكرێت لەمافی شارستانی سیاسی تەنها بە یاسا نەبێت"، بۆیە رێكخستنی بابەتێكی وەك ریفراندۆم‌و دانانی مەرج بەوەی كێ مافی بەشداریكردنی راپرسی هەیە‌و  بێ بەشكردنی كۆمەڵێكی تر، ئەمە پرسێكە ناكرێت بە بڕیارو رێنمایی‌و لەوائحی ئەنجومەنی وەزیرانی رێكبخرێت.
3. ئەو پاساوەی كە بەدەست پارتی‌و بەشێك لەیەكێتیەكانەوە هەیە كە گوایە یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسییەكان ژمارە 4 ساڵی 2014 هاوكاریانە بۆ ئەوەی بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، دیسانەوە بەتاڵەو بێ بنەمایە، چونكە لەماددەی 4ی یاساكەدا هاتووە كە كۆمسیۆن دەسەڵاتی جاڕدانی هەڵبژاردن‌و راپرسی گشتی هەیە بە گوێرەی یاسا كارپێكراوەكان، لێرەدا بە ئاشكرا مادەكە وتوویەتی بە گوێرەی (یاسا كارپێكراوەكان)  نەی وتووە بەپێی رێنمایی‌و پێڕەوی كارپێكراو، ئەمەش جەخت كردنەوەیە لەو بنەمایەی كە ریفراندۆم ناكرێت بەبێ یاسای تایبەتمەند بەڕێوە ببرێت.
4. هەریەك لەمادەی 56 یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992 و بڕیاری ژمارە 1ی ساڵی 2005، پەرلەمانی كوردستانی داناوە بە مەرجەعی باڵای سیاسی‌و دەستوری بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنوسسازەكانی گەلی كوردستان لەدیاریكردنی پەیوەندی دەستوری لەگەڵ حكومەتی عێراقی  فیدراڵ‌و مافی چارەی خۆنوسین، چاوپۆشین لەم ماددانە دیسانەوە بێڕێزیكردنە بە رابوردوی ئەزموونی كاری پەرلەمانی‌و ئەو یاسایانەی كە خۆیان دایانناوە.

ئامانجی ریفراندۆمەكەی 25/9
ئەو نوخبە سیاسییەی بانگەشەی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكەن ئامانجی ئاشكرایان لەم ریفراندۆمە, بریتیە لەوەی كە دەیانەوێت بزانن میللەتەكەیان چیان دەوێت، وەك كارتی فشار‌و بەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان راپرسی دەكەن، بەبێ‌ ئەوەی مەبەستی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردییان هەبێت، لەچەندین راگەیاندنەوە ئەوەیان نەشاردۆتەوە مەرج نیە سەربەخۆیی‌و راگەیاندنی دەوڵەتی بەدوادا بێت، بە تێڕوانینی ئێمە شورەیی‌و عەیبەیەكی گەورەیە بۆ ئەم سیاسیانە، ئەوەندە بێ‌ چاووڕوون بەو شێوازە باس لەپیرۆزترین‌و مەزنترین مافی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكەن، ریفراندۆمێك ئەگەر نەبێتەهۆی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی, وردە وردە مەرامە سیاسییەكانی پشتی دەردەكەوێت، دواتر زانینی رای هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئەوەندە ئاشكراو روونە، هەرگیز پێویست بە پرۆسەیەكی گەورە ناكات تا هاوڵاتیان بخەینە بەردەم تاقیكردنەوە بۆ راپرسیكردن لەدروستكردنی دەوڵەت یاخود نا. چونكە هیچ هاوڵاتیەك یاخود هێزێكی سیاسی نییە لەم هەرێمەدا خەونی دروستكردنی دەوڵەتی نەبێت، بەڵام لەئێستادا ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكان بۆ شێوازی ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و بەحیزبیكردنی ئەم پرۆسەیەو خراپی دۆخی هاوڵاتیان‌و زۆری قەیرانەكان, گریمانەی دەنگی نەخێر بۆ ریفراندۆم‌و كەمی رێژەی بەشداریكردنی هاوڵاتیان دەكرێت، بەهۆی بێهیوابوونیان لەم نوخبە سیاسییە, یاخود دوور نیە رێژەی دەنگی بەڵێ وەك پێویست نەبێت, لەوكاتەدا رووبەری رەخنەو گلەیی‌و ئیحراجیەكی گەورە دەبینەوە لەبەرامبەر حكومەتی فیدرالی‌و وڵاتانی دراوسێ‌‌و دەوڵەتانی دنیادا، كە بە وردیەوە چاودێری دەرئەنجامەكان دەكەن.
شێوازی خۆئامادەكردن بۆ ریفراندۆم‌و بەحیزبیكردنی پرۆسەكەو لێدوان‌و راگەیاندنی ئەم سیاسیانە, ئەوەمان پێدەڵێن كە مەرامی سیاسی‌و بەرژەوەندیی حیزبی‌و لەبیربردنەوەی قەیرانەكان‌و بەلاڕێدابردنی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان‌و حساب نەكردن بۆ دامەزراوە یاسایی‌و شەرعیەكان‌و لابردنی تەركیز لەسەر سیستمی پاشەكەوت‌و داخستنی پەرلەمانی كوردستان، نەبوونی شەرعیەتی پۆستەكەی مسعود بارزانی، لەبیركردنی گرێبەستە نەوتیەكانی نێوان حكومەتی هەرێم‌و كۆمپانیای روزنەفت، شاردنەوەی گەندەڵی‌و شكستەكان, لەگرنگترین ئامانجە شاراوەكانی پشت ریفراندۆمن، بە تایبەت گوایە دوای رۆژی (25/9/2017)، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و سەرۆكایەتی هەرێم بەڕێوەیە لە(6/11/2017)، لەباری ئەنجامدانی هەڵبژاردندا دەیانەوێت وەك گەورەترین دروشمی درۆزنانە‌و بانگەشەی هەڵبژاردن بیفرۆشنەوە بە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەو پارتە سیاسیانە بەرنامەی كاریان هیچ شتێكی تیا نەماوە تاوەكو بەڵێنی پێ بدەن بە هاوڵاتیان،
وەلێ لەڕابوردودا بەڵێنی باشكردنی سەرجەم كایەكانی كۆمەڵگایان داوە لەبژێوی خەڵك‌و خزمەتگوزاری‌و موچە بەڵام لە هەموویدا شكستی تەواویان هێناوە.

ریفراندۆم‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان 
لەفەرمانە نایاساییەكەی مەسعود بارزانیدا هاتووە، ریفراندۆم لەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیداری هەرێمدا دەكرێت، بەبێ ئەوەی رونیبكاتەوە چۆن‌و بە چ شێوازێك ریفراندۆم لەو شوێنانە دەكرێت, كە حكومەتی عێراق بە ناوچەی جێناكۆكیان دادەنێت، كێشەی سیاسی‌و یاسایی‌و دەستوری لەسەرە، هەرچەندە ناوچە دابڕاوەكان (52%)ی خاكی كوردستان پێكدەهێنێت، زۆربەی ناوچەكان لەكاتی شەڕی داعشدا رزگاركراون‌و لەژێر دەستی پێشمەرگەدایە، بەڵام گرنگە مامەڵەیەكی هەستیار‌و تایبەت لەگەڵ ئەم ناوچانەدا بكرێت، چونكە حكومەتی فیدرال‌و تەنانەت وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت توركیا, گرفتی گەورەمان بۆ دروست دەكات، پاشان رێژەی كورد لەناوچە كورستانییەكانی دەرەوەی ئیداری هەرێم ووەك پێكهاتەیەكی گرنگ ئایا ئەو رێژەیە مسۆگەر دەكات یاخود نا, ئەمانە وردبینی‌و لێكۆڵینەوەی بەردەوامی دەوێت، دواتر پێمان ناڵێن كۆمسیۆن باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان‌و راپرسی چۆن‌و بە چ شێوازێك دەتوانێت سەرپەرشتی هەڵبژاردن بكات لەو ناوچانە، لەكاتێكدا بەپێی یاسای كۆمسیۆن ژمارە (4)ساڵی  (2014) تەنها دەسەڵاتی سەرپەرشتیكردن هەڵبژاردن‌و راپرسی لەكوردستانی عێراق پێسپێراوە، بۆیە لەبری سەرقاڵبوون بە ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستاندا، گرنگە دەسەڵاتداری هەرێم بە كرداری‌و ئیرادەیەكی پۆڵاینەوە شەڕ بكەن بۆ چەسپاندنی سنوری ئەو ناوچانە‌و نمونەیەكی جوانی خزمەت لەو ناوچانە پێشكەش بكەن، تاوەكو هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە بە پێكهاتە جیاوازەكانەوە حەز بكەن‌و داوای گەڕاندنەوە بكەن بۆ سەر هەرێمی كوردستان.

ریفراندۆم‌و راگەیاندنی دەوڵەت
لەدونیادا مەرج نیە هەر دەوڵەتێك راگەیاندرا‌و دروستبوو ریفراندۆمی تێدا ئەنجامدرابێت، وەكچۆن مەرجیش نیە هەر دەوڵەتێك لەرێگەی ریفراندۆمەوە سەربەخۆیی بەدەستهێنا سیستمێكی دیموكراسی هەبێت، واتا نمونەكانی وڵاتانی دنیا پێمان دەڵێن ریفراندۆم مەرجی سەركەوتنی هیچ دەوڵەتێك نییە، بە نمونە باشووری سودان لەساڵی (2011)دا لەڕێی ریفراندۆمەوە لەسۆدان جیابوویەوە, دەبینین یەكێكە لەوڵاتە هەرە شكستخواردووەكان، زۆربەی زۆری ئەو دەوڵەتانەی كە لەماوەی (40) ساڵی رابوردودا دروستبوون، راستەوخۆ بێ ریفراندۆم سەربەخۆییان راگەیاندووە، لەنمونەی ئەو وڵاتانەی كە لەیەكێتی سۆڤێت‌و یۆگۆسلافیا جیابوونەوە وەك كازاخستان، ئەرمەنستان، جۆرجیا، لێتوانیا، مەكەدۆنیا، مۆنتیگرۆ، سربیا ، كرواتیا، بۆسنەو سلۆڤاكیا. بۆیە ئەم بۆچوونە لەگەڵ ئەو بنەمایەدا یەكدەگرێتەوە, كە دەوڵەت دروستدەكرێت دواتر رادەگەیەنرێت، واتا سەربەخۆیی‌و بوونە دەوڵەت پێویستی بەچەندین پێشخان هەیە هەوڵی بەدیهاتنیان بدرێت، لەنمونەی پتەوكردنی ژێرخانی ئابووری‌و دیاریكردنی سنور‌و یەكڕیزی‌و كۆدەنگی نیشتیمانی.
ئەگەر بارزانی شەرعیەتی یاسایشی هەبووایە بۆ مانەوە لەسەر كورسی سەرۆكایەتی هەرێم، گریمان لەقۆناغی پێش تەواوبونی ویلایەتەكەیدا بووایە، دیسانەوە دەسەڵاتی دەركردنی فەرمانێكی هەرێمی لەجۆری ژمارە 106 نەدەبوو بۆ رێكخستنی بابەتی ریفراندۆم لەماددەی 4ی یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمدا ئەوە هاتووە كە كۆمسیۆن دەسەڵاتی جاڕدانی هەڵبژاردن‌و راپرسی گشتی هەیە بە گوێرەی یاسا كارپێكراوەكان
لەدونیادا مەرج نیە هەر دەوڵەتێك راگەیاندرا‌و دروستبوو ریفراندۆمی تێدا ئەنجامدرابێت، وەكچۆن مەرجیش نیە هەر دەوڵەتێك لەرێگەی ریفراندۆمەوە سەربەخۆیی بەدەستهێنا سیستمێكی دیموكراسی هەبێت.
لەئێستادا ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكان بۆ شێوازی ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و بەحیزبیكردنی ئەم پرۆسەیەو خراپی دۆخی هاوڵاتیان‌و زۆری قەیرانەكان, پێشبینی دەنگی نەخێر بۆ ریفراندۆم‌و كەمی رێژەی بەشداریكردنی هاوڵاتیان دەكرێت، 

.


کۆمێنته‌کان
په‌یام ناو:
 
ئیمه‌یل:
 
په‌یام:

 
بواری کار
هه‌ڵبژاردن
هەڵبژاردنی نیوەڕێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا 2018:
3 / 11 / 2018
چیمان لەهەڵبژاردن دەوێت؟! :
3 / 11 / 2018
هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا: دەرفەتێك بۆ دیموكراسی‌و گەشاندنەوەی ناسنامەی نەتەوەیەك:
3 / 11 / 2018
مافی مرۆڤ
لەشفرۆشێك‌و سیستمی سیاسی
21 / 6 / 2017
یاساو پرۆژە یاساکان
چۆن پرۆژەی دەستور هەمووار دەكرێتەوە؟
5 / 1 / 2015
به‌شداری سیاسی
درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان كودەتایە یاخود پێداویستی قۆناغەكەیە؟
1 / 11 / 2017
ریفراندۆم لەنێوان مەرسومەكەی بارزانی‌و پەرلەمانی كوردستاندا
21 / 6 / 2017
دوحیزبی تر بۆ هەریمی کوردوستان پێویستە
31 / 3 / 2016
Kurdish Institute for Elections KIE
Iraq- Sulaimany, Bakhtiaree Q.,
Hakaree street No113, House No 44Executive director: Aram Jamal Sabir
info@kie-ngo.org , aram.jamal@kie-ngo.org
+964 0770 1573210
+964 53 3187111
Kurdish Institute for Elections copyright 2012 All Rights Reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure Information Technology & Consultancy