پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن
پڕۆژه‌ و چالاکی بڵاوکراوه‌کان وێنه‌ و ڤیدیۆ دارایی به‌خشه‌ره‌کان لینک
به‌شداری سیاسی
درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان كودەتایە یاخود پێداویستی قۆناغەكەیە؟
1 / 11 / 2017

درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان كودەتایە یاخود پێداویستی قۆناغەكەیە؟

چۆمان محمد علی
ئەندامی ژووری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان

هەرچەندە بڕیاربوو لەبەرواری (1/11/2017) هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت، دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن لەدوای ریفراندۆمی (25/9) دەرخەری ئەوە بوو هەر لەسەرەتاوە بە نیازی دواخستنی هەڵبژاردنی پرلكانی كوردستان بن، چونكە لەم جۆرە وڵاتە دواكەوتوانەدا وە بەو كۆمسیۆنە تاوە دروست بوەوە ئەستەمە بتوانرێت لەماوەی یەك مانگ‌و نیودا دوو پرۆسەی گەورەی هەڵبژاردن‌و راپرسی ئەنجامبدرێت، ئاماژەكان‌و لێدوانی بە پەرلەمانی یەكێتی‌و پارتی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلمانی نەكردە شتێكی چاوەڕوانەكراو بە تایبەت كە ئەم دوو هێزە لەماوەی (27) ساڵە حكومڕانی كوردیدا كەمترین كات ملیان داوە بۆ هەڵبژاردن‌و باوەڕیان بە هەڵبژاردن هەبوو وەك بنەمایەكی دیموكراسی‌و ئامڕازێكی شرعی دەستاودەستكردنی دەسەڵات، ئەوە بوو سەرئەنجام لەبەرواری (24/10/2017) لەپرۆسەیەكی تەواو نایاسایدا ماوەی یەك ساڵ تەمەنی پەرلەمانیان درێژكردووە، كلتوری درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان بە پێچەوانەی هەموو پەرلەمانەكانی دنیاوە، پەرلەمانی كوردستان درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی كردۆتە نەریتی هەموو خولەكانی، ئەگەر سەیری پانۆرامای مێژووی رابوردوی پەرلەمان بكەین، هەمیشە لەرێگەی یاساوە كودەتا بەسەر پەرلەماندا كراوەو بە بەهانەی جۆراوجۆر لەچوار خولدا ماوەی یاسایی پەرلەمان (7) جار درێژكراوەتەوە، كە بە دیاریكراوی بەم شێوەیەیە:
خولی یەكەم/ لەساڵی (1995) بۆ ماوەی یەك ساڵ درێژكراوەتەوە لەساڵی (1996) بۆ سێ مانگدرێژكراوەتەوە، لەساڵی (1996) بۆ دوو ساڵ درێژكرایەوە، لەساڵی (1998) درێژكرایەوە بۆ كاتێكی نادیار كە  بەردەوامبوو تا ساڵی (2005).
خولی دووەم/ لە(4/6/2009) بۆ ماوەی دوو مانگ درێژكرایەوە.
خولی سێیەم/ لە(30/6/2013) بۆ ماوەوی سێ مانگ درێژكراوەتەوە.
خولی چوارەوە/ لە(24/10/2017) بۆ ماوەی یەك ساڵ درێژكرایەوە.
* بەهانەی دواخستنی هەڵبژاردنەكان
پاش ئەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان فەرمانی پێكرا هەڵبژاردن ئەنجام بدات، راستەوخۆ رایانگەیاند كە ئامادەن لەبەرواری (1/11/2017) هەڵبژاردن ئەنجامبدەن، لەدەیان كۆنگرەی رۆژنامەوانی‌و راگەیاندنی فەرمیدا ئامادەیی خۆیان دەربڕی بەوەی كە دوابەدوای ریفراندۆم، هەڵبژاردن ئەنجام بدەن، بەڵام كە سەرنجی لیژنەی یاسایی پەرلەمان دەكەین، كە بەڕاوێژ لەگەڵ كۆمسیۆن ئامادەكراوە، بۆچونێكی دژبەیەك‌و جیاوازتری كۆمسیۆن دەبینین كە گوایە لەرووی لۆجستییەوە هەڵبژاردن بە كوالێتی نزم بەڕێوە دەچێت، برا پێشمەرگەكان لەبەرەكانی جەنگن واتە دەنگدانی تایبەت كێشە دروست دەكات، تۆماری دەنگدان خاوێن نەكراوەتەوە، لەپاڵ بوونی پاساوی جێكردنەوەو بێبەشنەكردنی كوردانی ناوچە دابڕاوو جێناكۆكەكان، هەموو ئەو هۆكارو پاساوانەش كە پەرلەمانی كوردستان ریزی كردبوون بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان‌و درێژكردنەوەی ماوەی یاسایی پەرلەمان، نە پاساوی لۆژیكین‌و نە بنەمایەكی یاسایی‌و ئەساسێكی دروستیان هەیە چونكە ئەم هۆكارانە لەهەموو وڵاتانی دنیادا هەرگیز هەڵبژاردنی پێ دواناخرێت، تەنانەت لەو عێراقەی كە سەرانی یەكێتی‌و پارتی لەزۆر بابەتدا تانەیان لێدەدەن بەردەوام وابەستەی وادەی هەڵبژاردن لەسەختترین كاتەكانی وڵاتدا كە شەڕوجەنگی دژی داعش‌و قەیرانی دارایی بووە، پرۆسەی هەڵبژاردن هەرگیز دوانەخراوە، لێرەدا هۆكاری دووبارەبوونەوەی ئەم كردارە نەشیاو‌و نادیموكراسییەو ئامادەگی‌و هێنانەوەی پاساوی جۆراوجۆر بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ئێمە خاوەنی یاسایەكی تایبەتمەندنین بە دیاریكردن‌و جێگیركردنی وادەكانی هەڵبژاردنە گشتییەكان، كە لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا ئەم پرسە بە یاسا رێكخراوەو هەرگیز دواناخرێت، لەنمونەی وڵاتانی ئەمەریكا‌و ئیسرائیل. لەیەكێك لەهەڵبژرادنەكانی ئەمەریكا زریانێكی گەورە نەبووە هۆی دواخستنی هەڵبژاردن. بۆیە پێویستە ئەو هێزە سیاسیانەی هەرێمی كوردستان كە متمانە‌و بڕوایان بە هەڵبژاردنە وەك ئامڕازی ئاشتیانەی دەستاودەستكردنی دەسەڵات گرنگە هەرچی زووە پرۆژە یاسا بۆ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنە گشتییەكان ئامادە بكەن.

*ڕوانگە یاساییەكانی درێژكردنەوەی وادەی پەرلەمان 
كاتێك هاوڵاتیانی هەرێم بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمان دەكەن‌و بۆ ماوەی (4) ساڵ متمانە دەدەنە نوێنەرەكانیان كاری یاسایی لەپەرلەماندا ئەنجام بدەن، بەو واتایەی گەل بۆ ماوەی (4) ساڵ دەسەڵاتی پێكهێنراو كە پەرلەمانە دروستدەكات، پەرلەمان نابێتە دەسەڵاتێكی پێكهێنەر خۆبەخۆ رەوایەتی بداتە خۆی‌و لەبری دەنگی هاوڵاتیان، ئەو ماوەیە درێژبكاتەوە، ئەگەر ئەنجامیدا ئەوە بریتیە لەسەپاندنی دەسەڵات.
ئەگەر سەرنجی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان (یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992)‌و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بدەین، هەرگیز رێگەی نەداوە بەوەی كە ماوەی پەرلەمان بۆ خۆی درێژبكاتەوە، بە بەڵگەی ئەوەی بە دەقی ئاشكرا ماوەكەی بە (4) ساڵ دیاریكردووە، خۆ ئەگەر یاسادانەرانی كوردستان بیانویستایە‌و مەبەستیان بووایە رێگەیان دەدا بە ئاشكرا پەرلەمان ماوە بۆخۆی درێژ بكاتەوە. پەرلەمانی كوردستان بۆ درێژكردنەوەی ماوەی یەك ساڵ بۆخۆی، پشتی بە ماددەی (7) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بەستووە، ئەگەر بە وردی سەرنج لەو ماددەیە بدرێت بەهیچ شێوەیەك رێگەی بە درێژكردنەوەی ماوەی یاسایی كاری پەرلەمان نەكردووە، بەڵكو لەمادەكەدا رێگەی داوە خولی گرێدان بۆ ماوەی یەك مانگ درێژبكرێتەوە، كە لەكۆتایی خولی گرێداندان، ئەویش بۆ پرسێكی هەستیار كە ماویەتی تەواو بێت، بۆیە بۆ تەواوكردنی ئەو كارە‌و پرسە گرنگە خولی گرێدان درێژدەكرێتەوە بۆ ماوەیەك لەیەك مانگ زیاتر نەبێت، لەكاتێكدا جیاوازییەكی زۆر لەنێوان خولی گرێدان‌و ماوەی یاسایی خولی پەرلەماندا هەیە. وەك ئاشكرایە لەهەر ساڵێكی پەرلەماندا دوو خولی گرێدان هەیە، كە هەریەكەیان (4) مانگەو دوو مانگ پشووی هەیە، لێرەدا مادەی (7) لەپەیڕەوی ناوخۆ كاتێك باسی ئەو مانگە دەكات مەبەست لێی (4) مانگە كە تەواو بووە دەكرێت مانگێكی پشووی پەرلەمانیش بۆ تەواوكردنی پرسێكی گرنگ بەردەوامبێت، كە بنەمای ئەم زیادكردنە بۆ ئەو كاتانەیە كە پەرلەمان سەرقاڵی دەركردنی یاسای بودجەیە، بۆیە دەردەكەوێت كە بابەتی درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان مۆدێلێكی نایاسایی‌و قێزەون‌و نادیموكراسییە‌و دژ بە ئیرادەی راستەقینە‌و دەنگی هاوڵاتیانە.
* درێژكردنەوەی پەرلەمان‌و حكومەتی نیشتمانی
لەدوای شكستە گەورەكەی ریفراندۆم‌و لەدەستدانی نیوەی هەرێمی كوردستان لەكەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان، پرسی دروستكرنی حكومەتی نیشتمانی‌و هەڵوەشاندنەوەی ئەم حكومەتە لەلای بەشێكی زۆری لایەنە سیاسییەكان‌و چاودێرانی سیاسی گرنگترین بابەت بووەو وەك هەنگاوێكی گرنگ‌و چارەسەرێكی خێرای دەبینن بۆ ئەو دۆخە پڕ قەیرانەی كە روبەڕوی هەرێم بۆتەوە، وای دەبینن كە تاكە رێگا بریتیە لەهەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی هەرێم‌و وەرگرتنەوەی متمانە لەم حكومەتە، یاخود دەستلەكاركێشانەوە یان دروستكردنەوەی حكومەتێكی رزگاری نیشتمانی، ئەمەش وەك سزایەك یاخود پەرچەكردارێك بۆ ئەو هەنگاوە پڕ مەترسی‌و جەهەنەمیەی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانیان خولقاندووە، لەبەیاننامەی رەسمی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و لیستی هاوپەیمانی دكتۆر بەرهەمدا، وایان داناوە دروستكردنەوەی حكومەتی رزگاری نیشتمانی لەپەرلەمانی كوردستانەوە دەبێت، كە بە تێڕوانین بۆ ئەزموونی ئەو وڵاتانەی كە حكومەتی رزگاری نیشتمانی تێدا دروست بووە هەرگیز لەپەرلەمانەوە ئەم جۆرە حكومەتانە بنیات نەنراون، بەڵكو دۆخێكی وا خوڵقاوە سەرجەم دامەزراوە شەرعی‌و فەرمییەكان هەڵوەشاونەتەوە ئەركی ئەم  حكومەتە دەبێتە، روبەڕوبوونەوەی قەیرانەكان‌و ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنە گشتییەكان، بۆیە دەردەكەوێت ئەو بەرەیەی لەپەرلەمانەوە داوای حكومەتی رزگاری نیشتمانیان كردووە، تێڕوانێكی وردیان بۆ ئەم خاڵە نەكردووە، بە تایبەتتر وادەی ئەم داواكارییە هاوتایە لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان‌و درێژكردنەوەی ماوەكەی، چونكە هەڵوێستی ئەم لایەنانە دژی درێژكردنەوەی خولی پەرلەمان بوون‌و بە هەموو شێوەیەك ناڕازیبوون، لێرەدا پرسیاری جەوهەری ئەوەیە، ئایا پێویستە نەگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان‌و لەدەرەوەی ماوەی یاسای ئامادە نەبن لەو دامەزراوەدا نوێنەرایەتی بكەن‌و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی یاسادانان‌و جێ بەجێ كردن بكەن لەوكاتەدا حكومەتی رزگاری نیشتمانی دروست بكەن، یاخود بچنەوە پەرلەمانی كوردستان بەردەوامبن لەشەڕی سەروەری یاسا‌و چاودێریكردنی حكومەت‌و زۆر كردنی فشارەكان بۆ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن‌و دروست كردنی حكومەتی رزگاری نیشتمانی. 
هەمیشە لەرێگەی یاساوە كودەتا بەسەر پەرلەماندا كراوەو بە بەهانەی جۆراوجۆر لەچوار خولدا (7) جار ماوەی یاسایی پەرلەمان درێژكراوەتەوە هێنانەوەی پاساوی جۆر بەجۆر بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ئێمە خاوەنی یاسایەكی تایبەتمەند نین بە دیاریكردن‌و جێگیركردنی وادەكانی هەڵبژاردنە گشتییە جۆربەجۆرەكان هەرگیز لەپەرلەمانەوە حكومەتی رزگاری نیشتمانی پێكنەهێنراوەو ئەو بەرەیەی لەپەرلەمانەوە داوای پێكهێنانی ئەمجۆرە لەحكومەتیان كردووە، تێڕوانێكی وردیان بۆ ئەم خاڵە نەكردووە بابەتی درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان مۆدێلێكی نایاسایی‌و قێزەون‌و نادیموكراسییە‌و دژ بە ئیرادەی راستەقینە‌و دەنگی هاوڵاتیانە

.


بۆ بینین‌و دابەزاندنی راى گشتى، لێرەدا كلیك بكە

کۆمێنته‌کان
په‌یام ناو:
 
ئیمه‌یل:
 
په‌یام:

 
بواری کار
هه‌ڵبژاردن
هەڵبژاردنی نیوەڕێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا 2018:
3 / 11 / 2018
چیمان لەهەڵبژاردن دەوێت؟! :
3 / 11 / 2018
هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا: دەرفەتێك بۆ دیموكراسی‌و گەشاندنەوەی ناسنامەی نەتەوەیەك:
3 / 11 / 2018
مافی مرۆڤ
لەشفرۆشێك‌و سیستمی سیاسی
21 / 6 / 2017
یاساو پرۆژە یاساکان
چۆن پرۆژەی دەستور هەمووار دەكرێتەوە؟
5 / 1 / 2015
به‌شداری سیاسی
درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان كودەتایە یاخود پێداویستی قۆناغەكەیە؟
1 / 11 / 2017
ریفراندۆم لەنێوان مەرسومەكەی بارزانی‌و پەرلەمانی كوردستاندا
21 / 6 / 2017
دوحیزبی تر بۆ هەریمی کوردوستان پێویستە
31 / 3 / 2016
Kurdish Institute for Elections KIE
Iraq- Sulaimany, Bakhtiaree Q.,
Hakaree street No113, House No 44Executive director: Aram Jamal Sabir
info@kie-ngo.org , aram.jamal@kie-ngo.org
+964 0770 1573210
+964 53 3187111
Kurdish Institute for Elections copyright 2012 All Rights Reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure Information Technology & Consultancy