پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن
پڕۆژه‌ و چالاکی بڵاوکراوه‌کان وێنه‌ و ڤیدیۆ دارایی به‌خشه‌ره‌کان لینک
هەڵبژاردن
هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا: دەرفەتێك بۆ دیموكراسی‌و گەشاندنەوەی ناسنامەی نەتەوەیەك
3 / 11 / 2018

هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا: دەرفەتێك بۆ دیموكراسی‌و گەشاندنەوەی ناسنامەی نەتەوەیەك



ئه‌ردۆغان: 
ئەگەر هەدەپە لەشارەوانییەكاندا سەركەوتن بەدەستبهێنێت ئەوا دووبارە قەیوم لەشوێنەكانیان دادەنێین.

 HDP هەدەپە: 
هەموو شارەوانییەكان لەقەیومەكان دەستێنینەوەو دووبارە شارەوانییەكان بەدەنگی خەڵك دەخەینەوە خزمەتی خەڵك

رەزا مەنوچەهری

یەكەم هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لەتوركیا ساڵی ١٩٣٠ بەڕێوەچووەو لەو ساڵەوە تا ساڵی ٢٠١٤ ، واتە لە ماوەی ٨٤ ساڵدا ، ١٥ هەڵبژاردن بەڕێوەچووە، ئێستاش وابڕیارە ١٦هەمین هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ دا بەڕێوەدەچێت.
كورد لەباكووری كوردستان یەكەم پارتی سیاسی یاسایی بە ناوی )دەپ- (DEP لەساڵی ١٩٩٠دا دروستكرد، بەڵام دوای ٣ ساڵ كاركردن ئەو حیزبە لەلایەن حكومەتی توركیاوە داخرا، بەدوای ئەوەدا لەساڵی ١٩٩٣ پارتی (هەپ-HEP )یان دروستكرد و ئەویش لەساڵی ١٩٩٤دا داخرا. ئەو ٢ حیزبە بەهۆی داخستنیان بە ماوەیەك پێش هەڵبژاردنی شارەوانییەكان نەیانتوانی بەشداری لەهەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا بكەن، هەربۆیە كورد وەك پاڵێوراوی سەربەخۆ، یان بە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتێكی تردا، كە دۆستی كورد بوو، بەشداری لەهەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا دەكرد.
كورد بۆ یەكەمجار لەساڵی ١٩٩٩ و لەرێگەی پارتی )هادەپ – (HADEPەوە بەشداری لەهەڵبژاردنی ١٨ی نیسانی ١٩٩٩ی شارەوانییەكانی توركیادا كردو بە ملیۆنێك و ١٠٠ هەزار دەنگ ٣٧ شارەوانی باكووری كوردستانی بەدەستهێناو بووە حەوتەمین حیزب لەسەرتاسەری توركیادا. 
ساڵی ٢٠٠٣ پارتی هادەپیش داخرا، كورد ئەمجارە لەرێگەی پارتی (دەهەپ - DEHAP)ەوە بەشداری هەڵبژاردنی ٢٨ی ئاداری ٢٠٠٤ی شارەوانییەكانی توركیاو باكوری كوردستانی كردو لەگەڵ پارتی سۆشیال دیموكراتی گەل بوونە هاوپەیمان و پێكەوە ملیۆنێك و ٦٦٠ هەزار دەنگ و ٦٤ سەرۆكایەتی شارەوانیان بەدەستهێناو بەمەش دەهەپ بوو بە شەشەم پارتی توركیا. 
ئەم ئەنجامەی هەڵبژاردن بۆ كورد ئاوێتەیەك بوو لەشكست و سەركەوتن، لەبەرئەوەی لەلایەك شارەوانییەكانی "وان" و "ئاگری" و "مێردین"ی لەدەستداو لایەكی ترەوە شارەوانییەكانی "شێرنەخ" و "دێرسیم"ی بەدەستهێنا.. لەو ساڵەدا عوسمان بایدەمیر بووە سەرۆك شارەوانیی ئامەد و بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لەهەموو هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتنی بەدەستهێنایەوە.
لەهەڵبژاردنی ٢٩ی ئاداری ٢٠٠٩دا، كورد لەرێگەی پارتی كۆمەڵگەی دیموكراسی (دەتەپ= DTP)ەوە بەشداریی لەهەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا كرد، لەبەرئەوەی پارتی دەهەپەیش لەلایەن حكومەتی توركیاوە داخرابوو. لەو هەڵبژاردنەدا دەتەپە ٢ ملیۆن و ٢٧٧ هەزار دەنگی بەدەستهێنا و بووە چوارەم پارتی توركیا و ٩٦ سەرۆكایەتیی شارەوانییان بەدەستهێنا و لە٨ پارێزگای باكووری كوردستان سەركەوتنیان بەدەستهێنا.

كورد تا ساڵی ١٩٩٩ نەیتوانی لەرێگەی پارتی تایبەت بە خۆیەوە بەشداری لەهەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیادا بكات و لەهەڵبژاردنی ١٨ی نیسانی ١٩٩٩ی شارەوانییەكانی توركیادا پارتی )هادەپ – (HADEP ملیۆنێك و ١٠٠ هەزار دەنگی بەدەستهێناو ٣٧ شارەوانی باكووری كوردستانی بردەوەو بووە حەوتەمین پارتی سیاسی لەسەرتاسەری توركیادا..

لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ئاداری ٢٠١٤دا كورد لەرێگەی پارتی ئاشتی و دیموكراسی (بەدەپ - BDP)ەوە بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی كرد، لەبەرئەوەی دەتەپەش لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە داخرابوو. لەو هەڵبژاردنەدا بەدەپە ١١٥ سەرۆكایەتیی شارەوانیی بەدەستهێناو لە١١ پارێزگای باكووری كوردستان سەركەوتنی بەدەستهێنا.
ئێستا كورد بە ئەزموونی ٢٨ ساڵ كاری پارتی سیاسیی یاسایی و ئەزموونی بەشداریكردنی راستەوخۆی لە٤ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانیدا بەرەو هەڵبژاردنی ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ دەڕوات، كە نزیكەی ٥ مانگی تر بەڕێوەدەچێت.
هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لەهەلومەرجی ئاشتیدا 
كاتێك هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە٣٠ ئاداری ٢٠١٤دا بەڕێوەچوو، دەوڵەتی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) لەدانوستاندا بوون و شەڕ لەتوركیا راگیرابوو. لەم هەلومەرجەدا كورد سوودی لەهەموو دەرفەتەكان وەرگرتبوو بۆ ئەوەی سەركەوتنی تەواو بەدەستبهێنێت، هاوكات پارتی دادو گەشەپێدان (AKP)ی فەرمانڕەواش لەهەوڵدا بوو بۆ بردنەوەی زۆرترین شارەوانییەكان. 
هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥ بۆ پەرلەمانی توركیا زیاتر بووە هۆی لاوازبوونی ئاكەپە، چونكە نەیتوانی ژمارەی پێویستی كورسی پەرلەمان بۆ پێكهێنانی حكومەت بەدەستبهێنێت. ئاكەپە بە سەرۆكایەتیی ئەردۆغان بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختی راگەیاند.
هاوكات ئەردۆغان گوشارەكانی بۆ سەر هەدەپە زیادكرد، كە زۆرترین سەركەوتنی لەو هەڵبژاردنەدا لەمێژووی كورد دا بەدەستهێنابوو  ببووە خاوەنی ٨١ كورسیی پەرلەمان. پرۆسەی ئاشتیی راگرت و رایگەیاند، شتێك بە ناوی كێشەی كورد لەتوركیا بوونی نییە و نكۆڵی لەئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ پەكەكە و ئۆجالان كرد و لێكتیگەیشتنە ١٠ خاڵییەكەی ٢٨ی شوباتی ٢٠١٥ی كۆشكی دۆڵمەباخچەی لەنێوان شاندی ئیمراڵی و حكومەتەكەیدا رەتكردەوە.
پێش ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە١ی نۆڤەمبەری ٢٠١٥دا ئەنجام بدات، ژمارەیەك تەقینەوە لەكەمپەینەكانی بانگەشەی هەدەپە روویاندا. بە فەرمی لە٢٤ی تەمووزی ٢٠١٥ و هاوكات  لەگەڵ ساڵیادی رێككەوتنی لۆزاندا دەستیكردەوە بە بۆردومانكردنی قەندیل و شەڕ دەستیپێكردەوە.
هێرشی كردە سەر شارەكانی جزیر، نسێبین، جۆلەمێرگ، گەڤەر، سلۆپی، شرنەخ و ناوچەی سووری ئامەد و قەدەغەی هاتووچۆی لەو شارانە و زۆربەی ناوچەكانی تری كوردستان راگەیاند. بەو هۆیەوە زۆربەی ئەو شارانە خاپوور بوون و تەنها لەژێر زەمینەكانی جزیردا زیاتر لە٧٠ هاووڵاتی بە زیندویی لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی توركیاوە سوتێنران. تاهیر ئەلچی سەرۆكی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ لەئامەد تیرۆر كرا. زیاتر لە٥٠٠ هەزار هاووڵاتیی كوردستان ئاوارە بوون و هەزاران خانوو و دوكانی لەگەڵ زەویدا تەختكرد. شەڕەكەش راستەوخۆ زیانی بە ٢ ملیۆن كوردی باكوری كوردستان گەیاند.
لەو دۆخەدا هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی توركیا لە١ی نۆڤەمبەردا ئەنجامدرا. هەدەپە ٥٩ كورسی بەدەستهێنا و دووبارە چوویەوە پەرلەمان، بەڵام لەپەرلەماندا یاسای لێسەندنەوەی پارێزبەندی لەپەرلەمانتاران پەسەندكرا و ئاكەپە و مەهەپە پێكەوە حكومەتیان پێكهێنا.
لەبەردەوامی ئەو دۆخەدا لە١٥ی تەمووزی ٢٠١٦دا كودەتا روویدا و دەوڵەتی توركیا بۆ ماوەی ٢ ساڵ باری نائاسایی راگەیاند. لەو ماوەیەدا ٩٢ هاوسەرۆك شارەوانیی كورد لەپۆستەكانیان لادران و لەشوێنەكانیان قەیوم (واتە نوێنەری دانراوی حكومەتی ئەنقەرە) كرانە سەرۆك شارەوانی و ٨٧ هاوسەرۆكی شارەوانی دەبەپەش زیندانیكران. هاوكات دەستكرا بە دەستگیركردنی پەرلەمانتارانی هەدەپەو بە گشتی بڕیاری زیندانیكردن بۆ ٢٠ پەرلەمانتاری هەدەپە دەرچوو. لەئێستادا ٩ پەرلەمانتاریان لەزیندانەكانی توركیادان و ١١ پەرلەمانتاری تریشیان بە ناچاری چوونەتە دەرەوەی توركیا.

هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی داهاتووی توركیا لەهەلومەرجێكدا ئەنجامدەدرێت، لەباكوری كوردستان ٩٢ هاوسەرۆك شارەوانی كورد لەپۆستەكانیان لادراون و ٨٧ هاوسەرۆك شارەوانی دەبەپە و ٩ پەرلەمانتاری هەدەپەش لەزیندانەكانی توركیادان و ١١ پەرلەمانتاری تریشیان فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە

لەگەڵ ئەوانەدا حكومەتی توركیا دەستیكرد بە داخستنی ئاژانسەكانی هەواڵ، تەلەفزیۆنەكان، رادیۆ و رۆژنامەكان و ماڵپەڕەكان و بەگشتی زیاتر لە٩٠ ناوەندی میدیایی كورد و دەیان رێكخراو و ناوەندی رۆشنبیری و پەروەردەیی و ئەكادیمی لەباكووری كوردستان داخست. زۆربەی مۆنۆمێنتەكان و هێماكانی كوردی لەشارەكاندا لەرێگەی قەیومەكانەوە رووخاند.
ئەوە بۆتە بەڵگەنەویست كە هیچكات كورد لەباكووری كوردستاندا لەدۆخێكی ئارامدا نەچۆتە نێو هەڵبژاردنە گشتییەكانەوە، بەڵام هیچكاتێكیش دەستبەرداری رۆحی ئالنگاری نەبووەو هەوڵیداوە لەرێگەی سندوقەكانی دەنگدانیشەوە بوونی خۆی بسەلمێنێت. لەیەكێك لەلێدوانەكانیدا ئەردۆغان رایگەیاندووە، ئەگەر هەدەپە لەشارەوانییەكاندا سەركەوتن بەدەستبهێنێت ئەوا دووبارە قەیوم لەشوێنەكانیان دادەنێن، لەبەرامبەردا هەدەپەش رایگەیاندووە، هەموو شارەوانییەكان لەقەیومەكان دەسێنینەوەو دووبارە شارەوانییەكان بە دەنگی خەڵك دەخەینەوە خزمەتی خەڵك.

* ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ژماره‌ 1ى ساڵى دوازده‌يه‌مى مانگنامه‌ى "راى گشتى"دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

.


کۆمێنته‌کان
په‌یام ناو:
 
ئیمه‌یل:
 
په‌یام:

 
بواری کار
هه‌ڵبژاردن
هەڵبژاردنی نیوەڕێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا 2018:
3 / 11 / 2018
چیمان لەهەڵبژاردن دەوێت؟! :
3 / 11 / 2018
هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا: دەرفەتێك بۆ دیموكراسی‌و گەشاندنەوەی ناسنامەی نەتەوەیەك:
3 / 11 / 2018
مافی مرۆڤ
لەشفرۆشێك‌و سیستمی سیاسی
21 / 6 / 2017
یاساو پرۆژە یاساکان
چۆن پرۆژەی دەستور هەمووار دەكرێتەوە؟
5 / 1 / 2015
به‌شداری سیاسی
درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان كودەتایە یاخود پێداویستی قۆناغەكەیە؟
1 / 11 / 2017
ریفراندۆم لەنێوان مەرسومەكەی بارزانی‌و پەرلەمانی كوردستاندا
21 / 6 / 2017
دوحیزبی تر بۆ هەریمی کوردوستان پێویستە
31 / 3 / 2016
Kurdish Institute for Elections KIE
Iraq- Sulaimany, Bakhtiaree Q.,
Hakaree street No113, House No 44Executive director: Aram Jamal Sabir
info@kie-ngo.org , aram.jamal@kie-ngo.org
+964 0770 1573210
+964 53 3187111
Kurdish Institute for Elections copyright 2012 All Rights Reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure Information Technology & Consultancy