پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن
پڕۆژه‌ و چالاکی بڵاوکراوه‌کان وێنه‌ و ڤیدیۆ دارایی به‌خشه‌ره‌کان لینک
هەڵبژاردن
چیمان لەهەڵبژاردن دەوێت؟!
3 / 11 / 2018

چیمان لەهەڵبژاردن دەوێت؟!

ئارام جەمال:
بەڕێوەبەری پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن KIE

پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: چیمان لەهەڵبژاردن دەوێت؟
- لەوەڵامدا دەڵێین: ئاڵوگۆڕی دەسەڵات. 
ئایا ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەرێگەی هەڵبژاردنەوە بە تەنها جارێك روودەدات، یان پرۆسەیە؟ 
لەهەندێك وڵاتدا هەڵبژاردن بۆتە مایەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات وەك ئەو هەڵبژاردنانەی لە (سلۆڤاكیای ساڵی 1998) ‌و (كرواتیای ساڵی 2000) ئەنجامدران، كە بوونە هۆی گۆڕینی رژێمەكانیان بەبێ گرتنەبەری شۆڕش‌و خوێنڕشتن، بۆیە هەندێك پێیانگوت "هەڵبژاردنی ئاڵوگۆڕخواز- Transformative Elections". 
لەهەندێك وڵاتی تردا، هەڵبژاردن تەنها وێستگەیەك بووە لەناو پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتدا وەك: 
- چیكۆسلۆڤاكیای ساڵی 2000،  كە تێیدا بزووتنەوەی (ئۆتۆبۆر- مشت) ساڵی 1998 لەدوای هێرشی هاوپەیمانێتی باكوری ئەتلەنتی پێكهات‌و لەساڵی 2000دا رژێمی میلۆسۆڤیجی گۆڕی.
- جۆرجیای ساڵی 2003 (بزووتنەوەی كامارا)
- ئۆكرانیای ساڵ 2004 (بزووتنەوەی زنایۆ - شۆڕشی پرتەقاڵی)
بە هەڵبژاردنەكانی ئەم سێ وڵاتە دەوترێت "شۆڕشەكانی هەڵبژاردن".
هەرێمی كوردستان لەرێگەی هەڵبژاردنەوە رژێمی بەعسی نەگۆڕیوە بەڵكو لەرێگەی راپەڕینەوە پێیناوەتە قۆناغی گواستنەوە بەرەو دیموكراسی. كێشەی سەرەكی ئەمجۆرە لەگواستنەوە بەرەو دیموكراسی كەڵكەڵەی ئەوەی لەلای نوخبەی سیاسی دەسەڵاتدار دروستكردووە، كە دەبێت "شۆڕشگێڕەكانی دوێنێ" زۆرینەیەكی نەگۆڕ یان زۆرینەیەكی هەمیشەیی بن، ئەمەش پێچەوانەو ناكۆك دەوەستێتەوە لەگەڵ جەوهەری دیموكراسیدا چونكە زۆرینەی دیموكراسی بە جێگیرو نەگۆڕاوی نامێنێتەوە بەڵگو گۆڕانی بەسەردا دێت، لەبەرئەوەی زۆرینە لەسیستمی دیموكراسیدا چەمكێكی ئاسۆییە نەك ستوونی. 

{ لەهەندێك وڵاتدا هەڵبژاردن بۆتە مایەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات وەك ئەو هەڵبژاردنانەی لە(سلۆڤاكیای ساڵی 1998) ‌و (كرواتیای ساڵی 2000) ئەنجامدران، كە بوونە هۆی گۆڕینی رژێمەكانیان بەبێ گرتنەبەری شۆڕش‌و خوێنڕشتن، بۆیە هەندێك پێیانگوت "هەڵبژاردنی ئاڵوگۆڕخواز"}

پێكهاتەی ستوونی لەكۆمەڵگەدا هەموو ئەو گروپانە دەگرێتەوە، كە پەیوەندییان بەناسنامەو شووناسەوە هەیەو سروشتێكی وەستاوو جەبریان هەیە، واتە پەیوەندیان بەگروپگەلی ئایینی، نەژادیی، مەزهەبی، تایەفی، خێزانی‌و بنەماڵەییەوە هەیە. لەبەرامبەردا پێكهاتە ئاسۆییەكان هەموو ئەو دابەشبوونە ستوونیانە تێدەپەڕێنێت، كە سروشتێكی وەستاوو هەمیشەییان هەیەو لەبری ئەوە پێكهاتەی كاتی‌و راگوزەرو ئارەزوومەندانە دەگرێتەوە وەك (پارتی سیاسی، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەسەندیكاو یەكێتی‌و كۆمەڵەكانەوە). 
گرفتی سەرەكی لەدنیای سیاسی ئێمەدا لەوەدایە، كە پارتی سیاسی لە پێكهاتەیەكی ئاسۆیی‌و كاتی‌و ئارەزوومەندانەوە بۆتە پێكهاتەیەكی ستوونی‌و دەیەوێت هەمیشە زۆرینە بێت، یان دەخوازێت زۆرینەیەكی هەمیشەیی بێت‌و بۆ ئەم مەبەستەش زۆربەی سەرچاوەكانی هێزی كۆنترۆڵكردووە: سەرچاوەی دارایی، راگەیاندن، هێزەكانی ناوخۆو حكومەت.
كێشەكە لەدنیای سیاسی ئێمەدا لێرەدایە، چونكە دیموكراسی سیستمێكی رەهاخواز قبووڵ ناكات‌و هەمیشە تەئكید لەسەر رێژەییبوونی دەسەڵات دەكات.

{ لەدنیای سیاسی ئێمەدا گرفتی سەرەكی لەوەدایە، كە پارتی سیاسی لە پێكهاتەیەكی ئاسۆیی‌و كاتی‌و ئارەزوومەندانەوە بۆتە پێكهاتەیەكی ستوونی‌و هه‌ميشه‌يى و دەخوازێت زۆرینەیەكی هەمیشەیی بێت‌ }

هەڵبژاردنەكان‌و دەرهاویشتەكانی:
یەكێك لەدەرهاویشتە ئەرێنییەكانی دوای راپەڕین، دەرچوونی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، بەتایبەتی لەوەدا كە سیستمی هەڵبژاردن تێیدا لیستی نوێنەرایەتی رێژەییە، كە بەهۆیەوە هەر قەوارەیەكی سیاسی بەپێی ئەو دەنگانەی بەدەستیدەهێنێت، رێژەیەك لەكورسییەكانی ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكانی دەستدەكەوێت تەنها ئەوانەیان نەبێت كە ژمارەی دەنگەكانیان ناگاتە بردنەوەی كورسییەك، هاوكات لەم سیستمەدا  بەدەستهێنانی زۆرینەی رەهای كورسییەكان لەلایەن یەك قەوارەی سیاسییەوە هەر روونادات یان زۆر بەكەمی روودەدات. 
لێرەدا هەڵبژاردن‌و سیستمەكەی لەهەرێمی كوردستاندا، رۆڵیان بینیوە  لەگۆڕینی ئەو هاوكێشەیەو بەرزكردنەوەی رێژەی ئاسۆیی ‌و كەمكردنەوەی رێژەی ستوونی، بەواتایەكی تر گۆڕینی هاوكێشەی هێز لەنێوان هێزی تەقلیدی، كە دەیەوێت سیستمی نادیموكراسی بەردەوام بێت، لەگەڵ هێزگەلی نوێ‌و گۆڕانخواز، كە هەوڵ بۆ كۆمەڵگەیەكی كراوە دەدات لەسەر بنەمای سەروەریی یاساو دامەزراوەكان.
دەرهاویشتەی نەرێنی ئەم سیستمەی هەڵبژاردن لەوكاتەدایە كە سیستمی حوكمڕانی سەرۆكایەتی یان نیمچە سەرۆكایەتی بێت، چونكە بەهۆی پەرش‌و بڵاوی‌و زۆری ژمارەی حزبەكانی ناو پەرلەمانەوە دامەزراوەی پەرلەمان لەبەردەم دامەزراوەی سەرۆكایەتیدا لاواز دەبێت‌و بە زەحمەت دەتوانرێت زۆرینەی رەها بەرامبەر كێشە قورسەكان كۆبكرێتەوە، وەك لەپرسی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005 دا دەركەوت. 

* ئه‌م وتاره‌ له‌ژماره‌ 1ى ساڵى دوازده‌هه‌مى مانگنامه‌ى "راى گشتى"دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌
.


کۆمێنته‌کان
په‌یام ناو:
 
ئیمه‌یل:
 
په‌یام:

 
بواری کار
هه‌ڵبژاردن
هەڵبژاردنی نیوەڕێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا 2018:
3 / 11 / 2018
چیمان لەهەڵبژاردن دەوێت؟! :
3 / 11 / 2018
هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا: دەرفەتێك بۆ دیموكراسی‌و گەشاندنەوەی ناسنامەی نەتەوەیەك:
3 / 11 / 2018
مافی مرۆڤ
لەشفرۆشێك‌و سیستمی سیاسی
21 / 6 / 2017
یاساو پرۆژە یاساکان
چۆن پرۆژەی دەستور هەمووار دەكرێتەوە؟
5 / 1 / 2015
به‌شداری سیاسی
درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان كودەتایە یاخود پێداویستی قۆناغەكەیە؟
1 / 11 / 2017
ریفراندۆم لەنێوان مەرسومەكەی بارزانی‌و پەرلەمانی كوردستاندا
21 / 6 / 2017
دوحیزبی تر بۆ هەریمی کوردوستان پێویستە
31 / 3 / 2016
Kurdish Institute for Elections KIE
Iraq- Sulaimany, Bakhtiaree Q.,
Hakaree street No113, House No 44Executive director: Aram Jamal Sabir
info@kie-ngo.org , aram.jamal@kie-ngo.org
+964 0770 1573210
+964 53 3187111
Kurdish Institute for Elections copyright 2012 All Rights Reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure Information Technology & Consultancy